ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بۆ رای گشتیی لەدوای کۆبوونەوەکە خرایە ڕوو.
لە دەسپێکدا مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: دڵخۆشین بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ مەسروور بارزانی و باڤڵ تاڵەبانی.
هەروەها گوتیشی: کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و دڵخۆشکەربوون، لەگەڵ ئەوشدا هەندێک کاتی دەوێت و هەروەها گفتوگۆی زیاتری پێویستە.
لەلای خۆیەوە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرپەرشتی شاندی باڵای پارتی کرد، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: هەر دەربارەی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی سەردانمان کردوون، ئەگەر ئیرادە هەبێت دەتوانرێت ئەم دۆخە چەقبەستووییە تێپەڕێندرێت.