ئیتاڵیا-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/5/19 لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ڕۆما، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن بەڕێز سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێکرا و دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندیى دۆستانهى هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر خواستی هاوبەشیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ پشتیگریى بەردەوامی ئیتاڵیا دووپات کردەوە، بەتایبەتى لەڕووى سیاسی، مرۆیی و گەشەپێدانهوه، ههروهها هاوکاریی سەربازیی ئیتاڵیاى لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆردا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بهرز نرخاند.
لای خۆیەوە، سهرۆك ماتارێلا خۆشحاڵیی خۆی به سهردانهكه دەربڕی و جەختی لە پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتگیرى له ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. ههروهها ستایش و پێزانینى ئیتاڵیاى بۆ هەرێمی کوردستان وهك پارێزەر و لانکەی پێكهوهژیان و پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا، دووپات كردهوه.
تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەكانى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست، تهوهرێكى دیكهى كۆبوونهوهكه بوو. لهمبارهیهوه هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنى ئاشتى و سهقامگیرى.