Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی: کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستییەکی نیشتمانی و دەستووریی قۆناغەکەیە

هەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە (٣٤)ەمین ساڵیادی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا پێویستییەکی نیشتمانی، دەستووری و دامەزراوەییە، و دووپاتی دەکاتەوە کە پەرلەمان بنەمای سەرەکی شەرعیەت و پارێزەری قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانە.

دەقی بەیاننامەكەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان:

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٤ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شانازییەوە ئەم یادە مێژووییە دەکاتەوە، کە یەکێکە لە گرنگترین وێستگەکانی دامەزراندنی قەوارەی سیاسی و یاسایی و دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان.

پەرلەمانی کوردستان، وەک دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، بنەمایەکی سەرەکیە لەوەی ئیرادەی هاووڵاتیان ببێتە سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیەت. بۆیە پاراستنی پەرلەمان، پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستانە لە عێراق، کە بە خەباتێکی دوورودرێژ و قوربانیی بێشومار و پێداگریی گەلەکەمان هاتوونەتەدی.

لەو چوارچێوەیەدا، فراکسیۆنەکەمان پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، تا ئەم دامەزراوە گرنگە بتوانێت ڕۆڵی سروشتی و یاسایی خۆی جێبەجێ بکات. چونكە کاراکردنەوەی پەرلەمان پێوویستیەکی نیشتمانی و دەستووری و دامەزراوەییە، بەتایبەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەماندا کە زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان.

لەم یادە پیرۆزەدا، سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قوربانیەکانی گەلەکەمان کە لە ڕێگەی دامەزراندن و پاراستنی ئەم قەوارەیەدا گیانیان بەخشیوە. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە پەرلەمانی کوردستان، وەک دەستکەوتێکی  دەستووریی گەلەكەمان، دەبێت بپارێزرێت و هەمیشە کارا بێت بۆ خزمەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

١٩ی ئایاری ٢٠٢٦