ئیتاڵیا-KDP.info- وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، ئاماژە بەوەش دەکات کە ڤاتیکان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پێکەوەژیانی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەھاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەم بارودۆخەی ئێستا بەگشتیی ناوچەکە تێی کەوتووە ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی لە ناوچەکەدا ھەیە، بەتایبەت وەک ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، وڵاتانی ناوچەکە وەک کارێکتەرێکی کارا لە ھەرێمی کوردستان دەڕوانن و لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان، جەخت لە پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان کرایەوە.
ھەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لەناوچەکەدا وەسفکرا، دڵشاد شەھاب گوتیشی، "پاپا لیۆی چواردەم بە گرنگییەوە باسی لە تەواوی نەتەوە و پێکھاتە ئایینەکان کرد کە لە ھەرێمی کوردستان بەبێ گرفت بەیەکەوە دەژین".
باسی لەوەشکرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و پاپای ڤاتیکان ھێرشەکانی گرووپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان بوو کە ھەرێمی کوردستان بەھۆیەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت و سەرۆکی ھەرێم ئەوەی دووپاتکردەوە، کە ئێمە ھەرگیز بەشێک نەبووین لەو شەڕە و تەواوی پێکھاتە و ئایین و ئایینزاکان پارێزراو و سەلامەت دەبن، چونکە بەشێکی ڕەسەنی کوردستانن و ھەربەم شێوەیەش دەمێننەوە".
دەربارەی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، ئیتاڵیا ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگی ھەیە بەتایبەت لە شەڕی دژ بە داعش، ئیتاڵیا ھاوکاری و پشتیوانی زۆری ھێزەکانی پێشمەرگە بوون و ھەروەھا لە یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەش یارمەتیدەربوون و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.