Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە

ھەولێر-KDP. info-  پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ ڕۆما لەگەڵ بەڕێز گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا لە بواری سەربازی و ئەمنیدا و هاریکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر تاوتوێ کران.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دووپات کردەوە، بەتایبەت لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.

لای خۆیەوە، بەڕێز کرۆسێتۆ جەختی لە بەردەوامیی پابەندى و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئیتاڵیا له‌ پێشكه‌شكردنى هاوكاریى سه‌ربازى و ئه‌منى بۆیان؛ به‌رده‌وام ده‌بێت.

تەوەرێکی دیكه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی گرژییەکان بوو. تیایدا هەردوولا لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، هاوڕا بوون.