Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپا لیۆى چوارده‌ كۆبووه‌وه‌

هەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن قەداسەتی پاپا لیۆى چوارده‌، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازیی لێکرا، دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پێکهاتەکان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نیشتمانیى هەرێمی کوردستان و پێکەوە داهاتووی وڵات دادەڕێژن.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژووییی ڤاتیکان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە جیهاندا دەربڕی، هه‌روه‌ها وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژوویییەکەی پاپا فرانسیسی کۆچکردوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردە کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە، قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد. هه‌روه‌ها ڕۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا، به‌رز نرخاند.

لە تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و هه‌ردوولا هیوایان خواست کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.