Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. سالار عوسمان بۆ KDP.info: ئەرکی هەموو لایەکمانە چیڕۆکی پڕ لە شکۆ و قوربانییەکانی بێشکچی بگێڕینەوە

ئەستەنبوڵ-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە مەراسیمی ڕێزلێنانی پڕۆفیسۆر ئیسماعیل بێشکچی لە ئەستەنبوڵ، پێگەی نیشتمانیی سەرۆک بارزانی و پەیامی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوونە مایەی دڵخۆشی و پێزانینی قووڵی ئامادەبووان و خودی بێشکچی.

د. سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەست بە بەڕێوچوونی مەراسمی ڕێزلێنان لە زانا و دۆستی دێرینی گەلی کورد، پڕۆفیسۆر (ئیسماعیل بێشکچی)  گوتی، "ئیسماعیل بێشکچی پەڕتووکێکە دەبێ بخوێندرێتەوە. ئەو وەک زانا و دانایەکی تورک، تەواوی تەمەنی خۆی بە کورد و دۆزە ڕەواکەی بەخشیوە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە چیڕۆکی پڕ لە شکۆ و قوربانییەکانی ئەم تێکۆشەرە بگێڕینەوە، چونکە لەوانەیە سەدە بێت و بڕوات، بەدەگمەن کەسایەتییەکی ئاوا هەڵکەوێت."

د. سالار عوسمان ئاماژەی بەوەدا کە لەو ڕێوڕەسمە مانادارەدا، ئامادەبووان و خودی (بێشکچی) سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، کە بەردەوام پشت و پشتیوانی کۆڵنەدانی دۆزی کورد و دۆستەکانی بووە.

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاند کە هێنانەدی دڵخۆشیی ئامادەبووان لەو شەوەدا، هاوکات بوو لەگەڵ گەیشتنی پەیام و گوڵی تایبەتی ڕێزلێنانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی.

د. سالار عوسمان ستایشی ڕۆڵی دڵسۆزانەی هەریەکە لە (ئیبراهیم گوربز) و (ئەحمەد گونیشتەکین)ی کرد کە بە تەدارەکدان و ڕێکخستنی ئەو شەوە، سەرنجی ئامادەبووانیان بۆ لای دۆزی ڕەوای کورد و مێژووی بێشکچی ڕاکێشا.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی جەختی کردەوە، "پێویستە ناوی (بێشکچی) بە گوێی منداڵانی کورد، تورک و نەتەوەکانی تریشدا بدرێت، تا ئەو ڕاستییە مێژووییە لەبیر نەکرێت کە گەلی کورد خاوەنی دۆزێکی ڕەوایە و خاوەنی دۆستی ڕاستەقینەشە.