Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری پارێزگاری نەینەوا: خزمەتێکی باشی ناوچە کوردستانییەکان دەکەین

​مووسڵ-KDP.info-  جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێ: "پلانێکی زۆر باشمان داناوە و داواکاریی خەڵکیشمان وەرگرتوون، بەردەوام سەردانی مەیدانیی خەڵک دەکەین و ھەماھەنگیی باشمان لەگەڵ سەرۆکی یەکە ئیدارییەکاندا ھەیە، ھەر گرفتێکیان ھەبێت چارەسەر دەکرێت. لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا گرنگیی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکان دەدەین."

​غەزوان داودی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەستبەکاربوونمان وەک جێگری پارێزگاری مووسڵ، سەردانی مەیدانیی بەردەوام بۆ ناوچەکان و ناو خەڵک ئەنجام دەدەین. ھەندێک داواکاری و پلانی باشمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە کوردستانییەکان و مووسڵدا ئەنجام بدرێت؛ زیاتر فۆکسمان لەسەر ناوچە کوردستانییەکان دەبێت، بەھۆی ئەوەی زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین بودجەمان بۆ دابین بکرێت. چونکە حکوومەت دەستبەکار بووە، چاوەڕێین بودجە پەسەند بکرێت و پشکی ئێمە ڕەوانە بکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژە لە ھەموو سێکتەرەکاندا ئەنجام بدەین."
​غەزوان داودی گوتیشی: "ھەماھەنگیی بەردەواممان لەگەڵ سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان لە سنووری پارێزگای مووسڵ و ناوچە کوردستانییەکاندا ھەیە، ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆیان ئەنجام دەدرێت. چاوەڕێ دەکەین بودجە بگات، ئەو کاتە خزمەتێکی زۆر باشی ناوچە کوردستانییەکان دەکەین، چونکە وەک پێویست خزمەت نەکراون. کاری باشیان بۆ ئەنجام دەدەین و ئەو گرفتانەی لە توانای ئێمەدا بووبێت بۆیان چارەسەر کراون، بۆیە ناوچە کوردستانییەکان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە پێویستیان بە خزمەت ھەیە و ئێمەش درێغییان لێ ناکەین."

​بڵند ئیبراھیم