Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

​هۆشیار سیوەیلی و کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا دۆخی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنە ناوچەیییەکان تاوتوێ دەکەن

​هەولێر- KDP.info- ​هۆشیار سیوەیلی و کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا دۆخی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنە ناوچەیییەکان تاوتوێ دەکەن. هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە بەردەوامیی دیالۆگ، هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

​هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئەلبرێخت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
​دیدارەکە لە کەشێکی دۆستانە و بنیاتنەردا بەڕێوەچوو. لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەردوولا بیروڕایان لەسەر بارودۆخی گشتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد، بەتایبەتی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە لەبەردەم پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەن. هەروەها گفتوگۆکان پەرەسەندنە سیاسییەکانی بەغداشی گرتەوە، لەوانە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی عێراق.
​لەم چوارچێوەیەدا، بەشداریکردنی ئەرێنیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پشتگیریکردن و دەنگدان بە کابینە نوێیەکە، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی، هاوبەشیی دەستووری و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق خرایە ڕوو. کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا گوتی:
​"بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی هەیە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی وڵات، بۆیە جێگای ڕێزە بۆ ئەو هەڵوێستەی پارتی، لە هەمان کاتدا تێگەیشتن بۆ هەڵوێستی پارتی هەیە لەو بارەیەوە."
​بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە تەرخانکرا بۆ پەرەسەندنە ناوچەیییەکان، بەتایبەتی گرژی و ململانێی بەردەوام کە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک، و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی دیکەدا هەیە. هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەم پەرەسەندنانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، لەوانە کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایش، دابینکردنی وزە، داهاتی نەوت، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، مووچە، سەقامگیریی ئابووری و ژینگەی سیاسیی فراوانتر.
​هەروەها باس لەو هێرشە بەردەوامانە کرا کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە و نابێت لە ململانێی ناوچەکە. جەختکرایەوە کە ئەم هێرشانە جێگەی نیگەرانییەکی قووڵن، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەڵوێستی بێلایەنیی خۆی پاراستووە و هەوڵی داوە بەشێک نەبێت لە ململانێ ناوچەیییەکان. گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم، هەروەها سەلامەتیی هاووڵاتیان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیش جەختی لەسەر کرایەوە.
​بەڕێز سیوەیلی باسی لە کاریگەرییەکانی ئەو ناکۆکییانە کرد و ڕایگەیاند کە بەردەوامیی ئەو ناکۆکییانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتی عێراق دەبێت و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر بژێوی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان پێمانوایە هەماهەنگیی باشتر پێویستە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە کەم بکەنەوە، و هەردوولا بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆیان هەستن تاکو بتوانین خزمەت پێشکەش بە گەلان بکەین.
​لەسەر پرسی ئاسایشی وزە، ئاڵنگارییە دیمۆگرافییەکان و چەندین پرسی هاوبەش ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. بەڕێز ئەلبرێخت فۆن ڤیتکە دووپاتی سیاسەتی وڵاتەکەی کردەوە کە بریتییە لە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستان، دروستکردن و فراوانکردنی بەرژەوەندییەکان و پێکەوەکارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان. بەڕێزیان هیوای خواست کە لە هەرێمی کوردستان پارتە سیاسییەکان بتوانن حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنن تاکو خزمەت بە قەوارەکە و دانیشتووانەکەی بکات.
​لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە بەردەوامیی دیالۆگ، هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.