Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ساناو جوانڕۆیی بۆ KDP.info: به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ بۆ پاڵپشتی زیاتری لاوان و توێژه‌كانی دیكه‌

سلێمانی-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، ڕایدەگەیەنێت، پارتی لە ڕێگەی بۆردێکی تایبەتەوە سەرپەرشتی و هاوکاریی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەکات و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی گەنجان و ئافرەتان.

ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە سنووری مەکتەبەکانمان بۆردێکی تایبەتمان هەیە بۆ هەمەئاهەنگی لەگەڵ بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان، لەو ڕێگەیەوە هاوکاری و پاڵپشتیی بەردەوامی ماددی و مۆرالی پێشکەش بە لاوان، قوتابیان و ئافرەتان دەکەین، بەتایبەتی بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانیان.

ساناو جوانڕۆیی گوتیشی، ''زیاتر هاوکارییەکانمان بۆ ئەوە بووە کە لاوان و ئافرەتان بتوانن لە بێکاری ڕزگاریان ببێت و لە ڕێگەی خولی جۆراوجۆرەوە پەرە بە تواناکانیان بدەن، هاوکات هانیان دەدەین ڕوو لە وەرزش بکەن و گرنگیی زیاتر بە ژینگە بدەن.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، ئاماژەی بە ستراتیژی حزب کرد و جەختی کردەوە، ''پارتی بە ڕێز و شکۆوە دەڕوانێتە هەموو چینەکانی کۆمەڵگە و بەرنامەی تۆکمەمان بۆ داهاتوویان هەیە، چونکە پارتی حزبێکی جەماوەریی ڕەسەنە، هێزی خۆی لە خەڵک وەردەگرێت و هەمیشە خزمەتکاری ڕاستەقینەی هەموو توێژەکان بووە.

 

قائید میرۆ