Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شۆفێرانی هەڵەبجە لە ڕێگەی KDP.infoوە پاڵپشتیی لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن

هەڵەبجە-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ژینگە، بڕیاری نوێی وەزارەتی ناوخۆ بۆ غەرامەکردنی سەرپێچیی ژینگەیی بە (٤٠ هەزار دینار)، پێشوازیی بەربڵاوی شۆفێرانی لە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان لێکەوتووەتەوە.

مەریوان مستەفا، شۆفێری مینی‌پاس لەسەر هێڵی خورماڵ-سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''من وەک شۆفێرێک ئەم بڕیارەم زۆر پێباشە. پێویستە هەمووان پابەندی پاراستنی ژینگە بین، بۆ ئەم مەبەستە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەمدا سەتڵێکی بچووکم داناوە تاوەکو خۆم و سەرنشینەکانیش پاشماوەکانی تێبکەین و دواتر لە شوێنی شیاو فڕێی بدەین. ناشرینترین کرداری مرۆڤ پیسکردنی ژینگەیە، بۆیە بڕیاری سزادانی سەرپێشیکارانم زۆر لاپەسەندە.

لەلایەکی دیکەوە، زانا ڕەحمان کە شۆفێرێکی دیکەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوت، ''بەداخەوەم کە دەبێت بە هێزی سزای دارایی پابەندی یاساکان بین. فڕێدانی زبڵ لە جامی ئۆتۆمبێلەوە دیاردەیەکی زۆر ناشرینە، پێویستە شۆفێر ئاستی ڕۆشنبیریی بەرز بێت و بەبێ بوونی سزاش دڵسۆزی خاک و نیشتمانەکەی بێت، چونکە پاکیی ژینگە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە تەندروستیی هەمووانەوە.

هاوکات، ڕێبوار خانەگوڵپی سەبارەت بەم ڕێکارە نوێیە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ''کاتێک شۆفێرێک یان سەرنشینێک دەبینیت پاشماوە و دەبە فڕێ دەداتە سەر شەقام، وەک کەسێکی ناڕۆشنبیر دێتە بەرچاو. سزا بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە زۆر جێگای خۆیەتی.

گوتیشی، ''ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش داوای پاکوخاوێنیمان لێ دەکات. کاتێک ئێمە ژینگە پیس دەکەین، ژینگەپارێزان بە تەمەنێکی زۆرەوە دەبێت لەدوامان پاکی بکەنەوە، بۆیە داوا لە هەموو هاونیشتمانیان دەکەم ڕێز لە ماندووبوونی ئەوان بگرن و پابەندی پاراستنی ڕێگاوبانەکان بن.

 

عەزیز ڕەسووڵ