Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان شەوی وەفاداری بۆ بێشکچی لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو

ئیستەنبوڵ-KDP.info- بە ئامادەبوونی بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی و زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتیی دیار، (شەوی وەفاداری بۆ ئیسماعیل بێشکچی) لە شاری ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، تێیدا مژدەی تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەکادیمیای بێشکچی لە هەولێر ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی هەینی ١٥ـی ٥ـی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە ڕووناکبیران، هونەرمەندان و سەرمایەداران، ڕێوڕەسمی شەوی وەفاداری بۆ بیرمەندی گەورە و دۆستی دێرینی گەلی کورد (ئیسماعیل بێشکچی) بەڕێوەچوو.

لەمیانی ڕێوڕەسمەکەدا، ئەکادیمیست و نووسەر ئیسماعیل بێشکچی لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار بوو و گوتارێکی پێشکەش کرد. بێشکچی بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی کرد و لە پای هەڵوێستە نیشتمانییەکانی، سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی بەڕێزیان کرد.

لەم ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە، کە تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی بەشداری و خەباتی ئەکادیمیی ئیسماعیل بێشکچی لە تێگەیشتن لە ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد کردبوو.

دواتر ئیبراهیم گوربوز، سەرپەرشتیاری ڕێوڕەسمەکە (کە لەلایەن دەزگای ئیسماعیل بێشکچی و دەزگای گونەشتەکین ڕێکخرابوو)، وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی بێشکچی، ئاشکرای کرد کە لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پارچە زەوییەک بە ڕووبەری ١٠ دۆنم لە هەولێر بۆ دەزگاکە تەرخان کراوە، گوتیشی کارەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی ناوەندێکی گەورەی پەروەردەیی و کولتووری لەسەر ئەو زەوییە بە ناوی (ئەکادیمیای کوردۆلۆژیی ئیسماعیل بێشکچی).

لە کۆتاییی شەوەکەدا، بە مەبەستی ڕێزلێنان لە کارە زانستی و هەڵوێستە ویژدانییەکانی ئەم بیرمەندە، هونەرمەندان ڕەوشان و دەلیل دیلانار کۆنسێرتێکی مۆسیقای کۆنت و ڕەسەنیان پێشکەش کرد.