سۆران-KDP.info- بڕیاری نوێی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سزادانی ئەو شۆفێرانەی زبڵ فڕێ دەدەنە سەر شەقامەکان، کاردانەوەی ئەرێنیی زۆری لێکەوتووەتەوە، پسپۆڕانی یاسا و هاووڵاتییان پاڵپشتیی بێمەرجی خۆیان بۆ بڕیارەکە دەردەبڕن و بە هەنگاوێکی شارستانیی دەزانن.
بەهزاد محەممەد دێلزی، پسپۆڕی یاسا لە زانکۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بڕیاری بەیاساییکردنی سزای دارایی (٤٠ هەزار دینار) بەرامبەر بە پیسکردنی ژینگە لەلایەن شۆفێرانەوە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو چەسپاندنی چەمکی (ئاسایشی ژینگەیی). ئەمە تەنها ڕێکارێکی سزایی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی گرنگە لە تێڕوانینی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ پاراستنی مافە گشتییەکان.
ئەو پسپۆڕە یاساییە زیاتر ڕوونی کردەوە، ''ڕێکخستنی ڕەفتاری تاک لە ڕێگەی سزای داراییەوە، یەکێکە لە کاریگەرترین شێوازەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکان. کاتێک پابەندبوونی ئارەزوومەندانە سست دەبێت، دەبێت یاسا وەک ئامرازێکی ڕێگر بێتە کایەوە. من وەک شۆفێرێک، پاڵپشتیی بێمەرجی خۆم بۆ ئەم بڕیارە ژیرانە و سەردەمییانەیە ڕادەگەیێنم کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پیسبوونی بینراو.
لەلایەکی دیکەوە، شیما حامید، ڕاگەیاندکار لە شاری سۆران، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی بڕیارەکە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوت، ''ئەم بڕیارە هەنگاوێکی زۆر پێویست بوو، چونکە پیسکردنی ژینگە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە. کاتێک یاسا بە جیدی جێبەجێ بکرێت، خەڵک زیاتر پابەند دەبن. شارێکی پاک، وێنایەکی جوان لەسەر هەرێمی کوردستان لە لای میوان و گەشتیاران دروست دەکات، بۆیە پاراستنی ژینگە تەنیا ئەرکی دەوڵەت نییە، بەڵکو ئەرکی هاوبەشی هەمووانە.
هاوکات، تانیا سۆفی، وەک هاووڵاتی و شۆفێرێک، سوپاسی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، ''ڕۆژانە شاهێدی دیمەنی نەشیاوی فڕێدانی پاشماوە لە جامی ئۆتۆمبێلەکانەوە دەبین. ئەم بڕیارە لە چەشنی دانانی کامێراکانی تیژڕۆیی هاتوچۆ، شۆفێران و سەرنشینان فێری پابەندبوون بە یاسا دەکات و دەرەنجام ژینگەی جوانی کوردستانیش پاک دەمێنێتەوە. هیوادارم بڕیارەکە بە تەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەژین غەفار