Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەلی کورد.. لێبووردەیی و بەرخودان

عارف ڕوشدی

گەلی کورد، وەک نەتەوەیەکی ڕەسەنی خاوەن خاک و مێژوو، هەڵگری پرسێکی ڕەوای نیشتمانییە. ئەم گەلە، کە هەمیشە لە هەر چەشنە دەمارگیرییەک بەرزتر بووە، کاتێک لە بەشێکی وڵاتەکەیدا (هەرێمی کوردستان) بووە خاوەن دەسەڵات، لێبووردەییەکی بێهاوتای بەرامبەر بە چەوسێنەرەکانیشی نواند و بەڕێكردنەوە و ڕێزگرتن لە سەربازانی سووپای عێراق دوای ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی ١٩٩١ باشترین نموونەی ئەم لێبووردەییەی گەلەكەمان بووە. 

ئەمەش نیشانەی باوەڕی قووڵیەتی بە پێکەوەژیان و بەها مرۆییەکان. کورد وەک نەتەوە و هێزە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکانی، هەرگیز پەسنی کرێگرتەیی نەکردووە و لە ئاستی ئەوانەی لە تەنگانەدا هاوکار و پشت و پەنای بوون، هەمیشە بەوەفا و بەئەمەک بووە.

کاتێک هێزە هۆڤانەکانی داعش پەلاماری ناوچەکەیان دا و دواتریش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، ترس و لەرز سەرتاپای جیهانی تەنییەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، پێشەنگ بوو لە ڕاوەدوونان و تێکشکاندنیان. لەم پێناوەدا، بە خوێنی ئاڵی زیاتر لە ١٨٠٠ شەهید و برینداربوونی نزیکەی ١٢ هەزار پێشمەرگەی جوامێر، ئەو هەڕەشە گەورەیەی سەر شارستانیی جیهانی لەبار برد، كە هەموو دنیا شایەدی ئەو نەبەردیی و قارەمانیەتییەی پێشمەرگەن و پێشمەرگە بووە كۆدی شكاندنی ئەفسانەی داعش.

ئەم جەنگە، یان باشترە بڵێین تێكشاندنی هێزە چەكدارە دڕندەكەی داعش، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو پێکدادانی دوو جیهانبینیی جیاواز بوو. لە لایەکەوە، فەرهەنگی پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و لە لایەکی دیکەشەوە، ئایدیۆلۆژیای توندڕۆیی و تاریکپەرستیی داعش کە هەڕەشەی لەناوبردنی هەموو جیاوازییەکی دەکرد. پێشمەرگە نەک تەنیا پارێزەری خاکی کوردستان بوو، بەڵکو بەرگریکاری بەهاکانی ئازادی و مرۆڤایەتی بوو بۆ هەموو جیهان. بۆیە ناکرێت قوربانیدانی هێزە شۆڕشگێڕەکانی کورد، کە لە جیاتی جیهانی ئازاد ڕووبەڕووی شەڕانگێزیی داعش بوونەوە، بە لێدوان و ناونانی نەشیاو لەکەدار بکرێن.

لەبەرئەوە، ئەو پشتیووانی و هاوکارییە نێودەوڵەتییانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتێکی ستراتیژیدا بوو دژی دوژمنێکی هاوبەش. هاوپەیمانان پشتیوانیی ئاسمانی و لۆجستییان دابین دەکرد، لە بەرامبەردا هێزی پێشمەرگە وەک تاکە هێزی کاریگەری زەمینی، ئەرکی ڕزگارکردنی خاک و پاراستنی گیانی ملیۆنان مرۆڤی گرتە ئەستۆ. ئەم هاوکارییە لە پێناوی ڕەخساندنی دەرفەتی لەبارتر بوو بۆ ڕاهێنان و تەیارکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ناکرێت بە لێدوانی ناشیاو ئەم هەموو قوربانیدانە، نادیدە بگیرێت. پێشمەرگە هێمای بەرخودان و پاراستنی سەروەریی گەل و نیشتمانە و شایەنی ئەوەیە هەمیشە بە شکۆوە یادی بکرێتەوە و پێویستیشە ڕێز لە ئیرادە و شكۆی نەتەوەیی كورد بگیرێت.