هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و لە پێناو بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە فەرمی و مرۆییەکان، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، یەکەمین چالاکیی هاوبەشیان دەستپێکرد.
لەم چوارچێوەیەدا و لە قۆناغی یەکەمدا، خولێکی ڕاهێنان و هۆشیاری بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم خولە، ئاشناکردنی ئەفسەرانە بە مەترسییە گەورەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە، لە پاڵ خستنەڕووی ڕێکارە زانستی و هاوچەرخەکان بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە.

ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەردوولاوە دێت بۆ پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگە و پارێزگاری لە تەندروستی و ئاسایشی هاووڵاتیان و هێزەکانی پێشمەرگە، بەو ئومێدەی بەیەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز، تەندروست و ساخڵەم هەنگاو بنرێت.
