Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی بۆ مامۆستایان: هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی پەیامە پیرۆزەکەتاندا

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دا، ستایشی رۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایان دەکات و رایدەگەیێنێت، "مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی پاراستنی ناسنامە و زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان بوون."

دەقی پەیامەكەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: 

بە بۆنەی شەست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان و تەواوی مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی پەیامە پیرۆزەکەیاندا.

لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆره‌وه‌ لە ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایان دەڕوانم. مامۆستایانی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە کە تەنیا فێرکار نین، بەڵکوو په‌روه‌رده‌كارى خه‌مخۆر و پێشەنگی پاراستنی ناسنامە، زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمانن. لە سەردەمی شۆڕش و خەباتدا سەنگەری هۆشیاری بوون و لە ڕۆژگارە سەختەکانی دوای ئازادییشدا، بە دڵسۆزی و خۆڕاگری، نەیانهێشت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بوەستێت.

مامۆستایان کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگەن. بره‌ودان به‌ تواناكانى مامۆستایان، وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکانماندا. بۆیە جارێکی تر جەخت لە هه‌موو پشتگیرییه‌كم بۆ داوا ڕەواکانیان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ مامۆستایان دەکەمەوە کە لەگەڵ ئه‌رك و پێگە و ماندووبوونیاندا بگونجێت.

دەستخۆشی لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەم کە لە مێژووی خۆیدا هەمیشە چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی مامۆستایان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەو مامۆستایانەی تەمەنی خۆیان لەپێناو پەروەردە و ئازادیی کوردستاندا بەخشی.

 

ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە هەمووان پیرۆز بێت.

 

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/5/15