Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. بەشیر حەداد بۆ KDP.info: وتاری سبەی هەینی مزگەوتەکان بۆ سێ پرس تەرخانکراوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی وتاری ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێ، مامۆستایانی ئاینی ڕاسپێردراون وتارەکانیان بۆ سێ تەوەر تەرخان بکەن، چونکە کۆمەڵگە پێویستی بەو سێ پرسە ھەیە ھۆشیاربکرێنەوە.

د. بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی وتاری ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بۆردی وتاری ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف مامۆستایانی ئایینی ڕاسپاردووە وتاری ھەینی بۆ سێ تەوەر تەرخان بکەن، چونکە دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە کۆمەڵگەی ئێمە لە ئێستادا پێویستی بە ھۆشیاری ھەیە لەبارەی سێ پرسی زۆر گرینگ".

سەرۆکی بۆردی وتاری ئاینی دەڵێت، "ئێمە لە وەرزی بەھارداین و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی سەیرانگە و ھەموو شوێنەکان دەکات بۆ بەسەربردنی کات، لەبەر ئەوەش پێویستە ژینگەپارێزی بکەن و وەک ئەرکێکی ئاینی و نیشتیمانی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بە پاکی ڕابگرین، هاوکات مامۆستایانیش دەتوانن لەوبارەیەوە میوانانی ماڵی خوا ھۆشیار بکەنەوە لەسەر ژینگەپارێزی".

د. بەشیر حەداد ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "دوو پرسی دیکە ھەن کە بۆرد بە پێویستی زانیوە مامۆستایانی ئاینی ھاووڵاتیان ھۆشیار بکەنەوە ئەوانیش ماددەی ھۆشبەر و تۆندوتیژی خێزانیە، بەداخەوە بەپێی داتای لایەنە پەیوەندیدارەکان ماددەی ھۆشبەر لە ھەڵکشاندایە و مەترسی بۆسەر کۆمەڵگە دروست کردووە، ھەروەها ھەبوونی بەشێکی زۆری کێشەی کۆمەڵایەتی پەیوەستە  بە توندوتیژی خێزانی، مامۆستایانی ئاینی دەتوانن لە ڕوانگەی شەریعەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام شرۆڤەی ئەو بابەتە بکەن".

 

قائید میرۆ