Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەو داستانەی هاوکێشە سەربازییەکانی عێراقی سەرەوژێر کرد

ھەولێر-KDP.info- کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ١٢ی ئایاری ١٩٦٦، مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە بینی. لەو ساتەدا کە دوژمن بە چەکی زەمینی و ئاسمانییەوە گەمارۆی شۆڕشی دابوو، پێشمەرگەکانی ئەیلوول بە ڕێبازی بارزانیی نه‌مر و بە فەرماندەیی مەیدانیی (ئیدریس بارزانی)، ئەفسانەی "هێرشی بەهاری"یان لەناوبرد و داستانی هەندرێنیان تۆمار کرد.

کاتێک سوپای عێراق په‌لاماری ناوچەی ڕواندزی دا، بارزانیی نەمر فەرمانی بە ئیدریس بارزانی کرد کە بۆخۆی فەرماندەیی شەڕەکە بکات. ئەو سەرکردە هەمیشە زیندووە، بارەگای فەرماندەیی لە "کوسپی سپی" لە بەرزێوە دانا و شانبەشانی پێشمەرگەکان لە سەنگەری پێشەوە بوو، ئەمەش ورەی هێزی پێشمەرگەی گەیاندە لوتکە.

وەک سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی ئەم داستانەدا ئاماژەی پێ کردووە، یەکێک لە جوانییەکانی داستانی هەندرێن، ئەو "هاوکاری و یەکڕیزییە" بوو کە لە نێوان لایەنە شۆڕشگێڕەکاندا هەبوو. پێشمەرگەکانی پارتی و حزبی شیوعی شانبەشانی یەکتر دژی داگیرکەر جەنگان، ئەمەش سەلماندی کە کاتێک کورد یەکدەست بێت، هیچ هێزێک ناتوانێت بیبەزێنێت.

سەرۆك بارزانی فەرمووی، "داستانی هندرێن بارودۆخی سیاسی و سوپایی سەراوژێر كرد و پیلانێكی مەترسیداری دوژمنی دژ بە كوردستان شكست پێ هێنا. ئەو شەڕە سەختە دە رۆژییە، نموونەیەكی كەموێنەی هاوكاری و یەكڕیزیی لایەنە شۆڕشگێڕەكانی پێشان دا.

داستانی هەندرێن لە زمانی شایەتحاڵەکانەوە

عومەر عوسمان مێرگەسۆری (فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی خەبات) كە یەکێک بووە لە بەشداربووە سەرەکییەکانی ئەم داستانە، لە کتێبەکەیدا بە ناوی "ژیانی کوردێک" بە وردی تیشک دەخاتە سەر پلان و وردەکارییەکانی شەڕەکە. ئەو باس لە تێکشکاندنی هێزی دوژمن دەکات و دەڵێت، "پێشمەرگە فیداییەکان خۆیان فڕێدایە ناو ڕەبیەکان و سه‌ربازه‌كانی ڕژێم ورده‌ ورده‌ پاشه‌كشه‌یان كرد و پێشمه‌رگه‌ كه‌پكه‌مۆیان له‌ ده‌ست دوژمن ده‌رهێنا."

خوالێخۆشبوو مام میرخان محەمەدئەمین مێرگەسۆری (هەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمر) كە وەک جێگری سەرلقی ١ی زۆزک، ئەو شێوازی بەرگریی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "داستانی هەندرێن و زۆزک بە خۆڕاگری پێشمەرگەکان تۆمار کرا. کاتێک دوژمن هێرشی بەهاریی دەستیپێکرد، ئێمە سەنگەرەکانمان تۆکمە کرد و لە زۆزک شکستمان بە دوژمن هێنا، هەرچەندە چیای هەندرێن لە زۆزک بڵندتر بوو و مەترسی لەسەرمان هەبوو، بەڵام بروسکەکەی بارزانیی نەمر و هاتنی کاک ئیدریس هەموو هاوکێشەکەی گۆڕی."

مام ئەحمەد حەسەن مێرگەسۆری (بەرپرسی لێژنەی کۆمەڵایەتی شێروان یەک) ئەویش وەک پێشمەرگەیەکی لقی ١ی زۆزک، ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری سەرکردایەتی دەکات و دەڵێ، "باسکردنی ئەم داستانە بە دەیان لاپەڕە تەواو نابێت. کاتێک کاک ئیدریس بارزانی هات، بارەگاکەی تەنها ٥ کیلۆمەتر لە دوژمنەوە دوور بوو، ئەمە مه‌عنه‌وییاتی پێشمەرگەی گەیاندە لوتکە و وای کرد لە ناو بەفردا مۆڵگەکانی دوژمن تێکبشکێنین."

قارەمانانی تری مەیدانەکە

لە پاڵ ئەم گێڕانەوانەدا، ناوی فەرماندە و پێشمەرگەی وەک: حەسەن خاڵ هەمزە، مەلا ئەمین هۆستانی، عوسمان حوجرانی، عەبدوڵڵا پشدەری، شەهید میرە دۆڵەمەری، و شەهید چاوشین عەبید و دەیان تێکۆشەری تر وەک ئەستێرەی گەش لەم مێژووەدا دەدرەوشێنەوە.

 

ئامادەكردنی: سەفەر ژاژۆكی