Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دکتۆر کەمال کەرکووکی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی پێکھاتەی تورکمان کۆبووەوە

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی و، بەختیار محەممەد، بەرپرسی دیسکی پێکھاتەی تورکمانی، پێشوازی لە نوێنەرانی ژمارەیەک لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان کرا و کۆبوونەوەیەکی فراوان لە بارەگای بەشی پەیوەندی گشتی بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر کەمال کەرکووکی بەخێرھاتنی ئامادەبووانی کرد و خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی. پاشان، داوای لە بەختیار محەممەد کرد پوختەیەک لە ئەرک و چالاکییەکانی دیسکی تورکمانی بخاتەڕوو. ناوبراویش تیشکی خستەسەر بەرنامەی کاری دیسکەکە بۆ باشترکردنی ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە تورکمانەکان و ئەو خاڵە گرینگ و سوودبەخشانەی دەبنە ھۆی گەشەکردنی پارتەکانیان و پتەوکردنی پەیوەندییان لەگەڵ بەشی پەیوەندی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان. ھەروەھا ئاماژەی بەو خاڵە نەرێنییانە کرد کە پێویستە ھەمووان لێیان دوور بن.

دکتۆر کەمال کەرکووکی، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ بەشداریی لایەنە میوانەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەمووان لە ھەرێمی کوردستان بە ئاشتی و لە کەشێکی دیموکراسیدا بۆ سەقامگیری و خزمەتی پێکھاتەکان کار دەکەن. بەڕێزیان جەختی لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: "گشت لایەنە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن لە کاتی ھەڵبژاردندا بەڵێنیان بە دانیشتووانی کوردستان دەدا: دەنگمان بدەنێ بۆ ئەوەی بە ئەندازەی ئەو دەنگانەی پێمانتان داوە خزمەتی ھەرێمی کوردستان بکەین. بەڵام ئێستا بەشێک لەو لایەنانەی کورسییان ھێناوە، بەردەوام لەھەوڵی ئەوەدان پەرلەمان کارا نەبێت و نەتوانێت کارەکانی ئەنجام بدات بۆیە نایەنە ھۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی نەتواندرێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت و، پەرلەمان نەتوانێت کاری یاسادانانی خۆی بکات و نەتواندرێت لێژنەکانی پەرلەمان پێک بھێنرێن و دەستبەکار بن و، پاشان نەتواندرێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبێت."

ھەروەھا کەرکووکی ڕوونیکردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە ئامادەیی تەواوی نیشان داوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لایەن لە ھەوڵدان پەرلەمان کارا نەبێت.

سەبارەت بە پرسی سەرۆککۆماری عێراقیش، بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی ڕایگەیاند کە ئەم پۆستە بەپێی عورف پشکی گەلی کوردستانە و موڵکی ھیچ حزبێک نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر بەپێی شایستەی دەنگدان بووایە، دەبوو بەر پارتی بکەوێت وەک حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، بەڵام پێویست بوو فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەک چۆن ئەنجومەنی سیاسیی سوننە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کەسێکیان دیاری کرد یان وەک چواچێوەی ھاوئەھەنگیی شیعە، کە بەداخەوە ئەوە نەکرا.

لەبارەی پارێزگاری کەرکووکیش، بەڕێزیان کێشەکەی بۆ کۆبوونەوە گوماناوییەکەی ھۆتێل ڕەشید لە ٢٠٢٤ گەڕاندەوە، کە ھەر ئەوەش بووە ھۆی ھەڵوێست وەرگرتنی پارتی.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک و سکرتێری لایەنە تورکمانییەکان ڕا و بۆچوونی خۆیان خستەڕوو. جەختیان لە گرنگیی سەقامگیری کردەوە و ڕەزامەندیی خۆیان لەسەر ئەدای پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی. ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بێپایانیان ئاراستەی ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی کرد.

پارت و لایەنە بەشداربووەکان:

١- بزوتنەوەی تورکمانی بێلایەن – کەنعان شاکر

٢- پارتی گەشەپێدانی تورکمانی – محەمەد ئیلخانلی

٣- پارتی یەکگرتووی تورکمانی – د. سەیفەددین دامرچی

٤- پارتی دیموکراتی تورکمانی – دڵشاد بەکر چاوشلی

٥- پارتی چاکسازیی تورکمانی – عەبدولقادر بازرگان

٦- پارتی گەزەنگی تورکمانی/ کەرکووک (شروق) – دورەید مۆفەق قۆریالی

٧- پارتی گەلی تورکمانی عێراق – عرفان کەرکووکلی

٨- پارتی رزگاریی نەتەوەیی تورکمانی – بلند شێرزاد عوزیر ئاغالی

٩- کۆمەڵەی تورکمانی لیبرال – سامی ئەحمەد شەبەک

١٠- پارتی نیشتیمانیی تورکمانی - عیسام عادل تەرزی

١١- بزوتنەوەی دیموکراتی تورکمانی – کەرخی نەجمەددین ئاڵتی بەرماغ