Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن لە بیارە: سەرۆک بارزانی جەخت لە خزمەتکردن و پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان دەکاتەوە

بیارە-KDP.info- عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی ناوچەکانی سنوورەکە، سەردانی ناحیەی بیارە و خانەقای پیرۆزی بیارەی کرد و لەلایەن شێخان و مامۆستایانی ئایینیی ناوچەکەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

لە میانی دیدارەکەدا، عەلی حوسێن تیشکی خستە سەر پێگە و ڕۆڵی مێژوویی خانەقای بیارە و ڕایگەیاند، "بیارە مەڵبەندێکی گرنگی ئایینی و پێگەیاندنی زانا و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستانە. ئەم شوێنە نەک تەنها لە ڕووی ئایینی، بەڵکو لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، بۆیە ئەرکی هەمووانە خزمەتی ئەم شوێنە پیرۆزە بکەن."

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-هەڵەبجە دووپاتی کردەوە کە پشتگیریکردنی ئەم ناوەندە ئایینییانە لە کارە لەپێشینەکانی ئەوانە و گوتی، "ڕێنمایی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتیی پارتییە کە هەماهەنگ و هاوکار بین. هەرچی پێویست بێت بۆ خزمەتی ئەم شوێنە پیرۆزە و مانەوەی وەک مەڵبەندێکی زانست و تەریقەت، درێغی ناکەین و پشتیوان دەبین."

لە بەشێکی تری سەردانەکەیدا، عەلی حوسێن کە لەلایەن ساناو فەرەیدون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و دکتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ١٢ و هەڤاڵانی سنوورەکە یاوەری دەکرا، سەردانی بازاڕی بیارەی کرد. لەوێ لە نزیکەوە لەگەڵ کاسبکاران و هاووڵاتیانی ناوچەکە کۆبووەوە و گوێی لە خواست و داواکارییەکانیان گرت بە مەبەستی گەیاندنیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.