Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕێدانی زبڵ لە ئۆتۆمبێلەوە دەبێتە سەرپێچی و غەرامەکەی ٤٠ هەزار دینارە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە دیاردە نەشیاوەکان، لە ئەمڕۆوە سزای دارایی بۆ ئەو کەسانە جێبەجێ دەکرێت کە خاشاک لەناو ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەخەنە سەر شەقامەکان.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ئایار ڕایگەیاند، "چیتر ڕەوا و ئاسایی نییە خاشاک لەناو ئۆتۆمبێلەوە فڕێ بدرێتە دەرەوە. هەر ئۆتۆمبێلێک، چ شوفێرەکەی بێت یان سەرنشین، زبڵ و خاشاک فڕێ بدات، بە بڕی ٤٠ هەزار دینار سزا دەدرێت."

وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە، ڕێکاری توندیان گرتووەتە بەر و بە وردی چاودێری ئەو شوێن و شوفێرانە دەکەن کە سەرپێچی یاسایی ئەنجام دەدەن. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگەی شارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان لە پاراستنی سیمای شار و شەقامەکاندا دەبینرێت.