ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا یادی ٥٢ ساڵەی شەهیدکردنی کچە تێکۆشەری کورد، لەیلا قاسم و هاوڕێکانی بەرز ڕاگرت و ڕایگەیاند کە ئەوان مەشخەڵی هۆشیاری و سیمبۆلی ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستانن.
دەقی پەیامەكەی سهرۆكى ههرێمى كوردستان:
ئەمڕۆ به ڕێزهوه یادى کچە تێکۆشەری کورد شههید (لەیلا قاسم) و هاوڕێکانی دهكهینهوه كه بهرله (٥٢) ساڵ لەپێناو ئازادیی و سەرفرازیى کوردستاندا ڕووبەڕووی سێدارە بوونەوە و شههید كران.
لەیلا قاسم، تەنها سیمبۆلێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگیی ئافرهتانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیداندا. ئەو بە خۆڕاگریی بێوێنەی لە زیندان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا، سەلماندی کە ژنى کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و ئامادەیە لەپێناو ئازادی و شكۆى گەلەکەیدا، گیانی بکاته قوربانى.
خەباتی لەیلا قاسم كه بووە نموونەی شکۆ و بڕوابەخۆبوون بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی، ههر لە شاری خانەقینەوە تا زانکۆی بەغدا و تا دوا چرکەی ژیانی لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا، وەک وانەیەکی خۆنهویستى و خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بۆ هەمیشە لە ویژدانی کورد و كوردستانییاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لەم یادە بهئازارهدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ كهسوكارى سهربهرزیان دهنێرین.
نێچیرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
2026/5/12