Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەوزاد هادی: گەنجان و ئافرەتان داینەمۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتین

​​مووسڵ-KDP.info-ئەمڕۆ دووشەممە، بەسەرپەرشتی نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، و بە ئامادەبوونی جێگرانی مەکتەب و بەرپرسانی لقەکانی (١٤ و ١٧)، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ بەرپرسانی ناوەندەکانی قوتابیان، لاوان و یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە سنووری ئەو دوو لقە بەڕێوەچوو.

​لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی کاری ڕێکخستن لە ناوەوە و دەرەوەی کادیرانی حزب کرایەوە. ئاماژە بەوە درا کە پێویستە هەموو ئۆرگانەکان بە گیانی تیمی کار بکەن، تا بتوانن وێنەیەکی ڕوونتر و کاریگەرتر لە چالاکییەکانی قوتابیان، لاوان و ئافرەتان لە ناو کۆمەڵگەدا نیشان بدەن.

هەروەها جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان کرایەوە لە پێناو خزمەتکردنی دۆزە نیشتمانی و ڕێکخراوەییەکان.

​نەوزاد هادی لە میانی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، "قوتابیان و گەنجان کۆڵەکەی سەرەکیی بونیادنانی کۆمەڵگەن، چونکە خاوەنی وزە و توانایەکن کە دەتوانن گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ دروست بکەن." باسی لەوەش کرد کە قۆناغی ئێستا دەخوازێت گەنجان ئامادەییەکی کارایان لە بوارە ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەییەکاندا هەبێت و ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، گیانی پێکەوەژیان و کاری خۆبەخشی.

​لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی بایەخدان بە توانای گەنجان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ پەرەپێدانی لێهاتووییەکانیان کرایەوە. ئامانج لەم هەنگاوە پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و بەرپرسیارە کە بتوانێت بەرگری لە بەها نیشتمانی و مرۆییەکان بکات و خزمەتگوزارییەکی شایستە پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات.