ھەولێر-KDP.info- زیبا تەها، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، ڕایگەیاند کە وەک وەفایەک بۆ خەبات و قوربانیدانی لەیلا قاسم، سبەی لە ساڵیادی لەسێدارەدانیدا، پەیکەرێکی شکۆدار بۆ شەهید لەیلا قاسم لە شاری خانەقین پەردەی لەسەر لادەدرێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، زیبا تەها، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان گوتی، "سبەی ٥٢ ساڵ به سهر لهسێدارهدانی لهیلا قاسم، یهكهم كچه شههیدی بزووتنهوهی ڕزگاریخوازیی كوردستان و چوار له هاوڕێكانیدا تێدهپهڕێت كە ئازار و ئەشکەنجەدانی دڕندانهی جەلادەکانی بەعس نەیانتوانی لەیلا لە ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکەی پەشیمان بكهنهوه و بە سروودی ئەی ڕەقیبەوە چووە بەردەم پەتی سێدارە.
لە لێدوانێکەیدا سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان گوتیشی، "بڕیاری دروستکردنی پەیکەرێکی شکۆدار بۆ شەهید لەیلا قاسم لە ژێر ناونیشانی (ئازادی بۆ نیشتمان) و جێگیرکردنی لە فەلکەی شەهید لە شاری خانەقین، کە زێدی ڕەسەنی خۆیەتی، پەیامێکی قووڵی سیاسی و نەتەوەیی لەخۆدەگرێت."
زیبا تەها زیاتر گوتی، "ئەم هەنگاوە وەک ڕێزگرتنێکە لەو مێژووە پڕ لە شانازییەی شەهید لەیلا بە خوێنی خۆی نووسیویەتی كە دانانی پەیکەرەکەشی لە خانەقین جەختکردنەوەیە لەسەر کوردستانیبوونی شارەکە.
کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید لەیلا قاسم:
کچە تێكۆشەری كورد، ساڵی 1952 لە گوندی بانمیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی نیشتمانپەروەری كورد لە دایك بووە. قاسم حەسەنی باوكی لەیلا، كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەلوەند بووە، دوای خانەنشینیی ساڵی 1971 لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بەغدا، ئەو کات تەواوی خوشك و براكانی لەیلا بە ناوەکانی (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح) قوتابی بوون و لە پاڵ ئەرکی خوێندن بۆ پەیداکردنی بژێوی کاریان کردووە.
لەیلا قاسم بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1958 لە خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارە تەواو كردووە، لە ساڵی 1971 دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێجی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.
لەیلا قاسم لەگەڵ ئەوەی لە بنەماڵەیەکی هەژار و کوردپەروەر بوو هەمیشە بەرانبەر بەو زوڵم و زۆردارییەی ڕژێمی عێراق لە دژی گەلی كورد دەیکرد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشان زیاتر پەرەی دەسەند.