Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/5/10 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤیتكه،‌ كونسوڵى گشتیی ئه‌ڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای پەیوەندییەکان، ڕەوشی ناوخۆ و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، تاوتوێ کران.

لە بەشێکی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و کارکردن بۆ پەرەپێدانیان و پتەوترکردنی هاریکاریی هاوبەشیان لە کایە جیاجیاکاندا، کرا.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، سەردانی هەفتەی ڕابردووی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ تێکڕای لایەنە عێراقییەکان، بە گرنگ دانرا و وەک هەوڵێکی کاریگەر بۆ کۆکردنەوەی هەمووان لە پرۆژەیەکی نیشتمانیدا بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی قۆناغەکە، هەڵسەنگێنرا.

دۆخی ناسەقامگیری هەرێمی و ئاڵۆزی و گرژییەکان لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، تیایدا وێڕای شیکردنەوەی لێکەوتەکانی، جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی دانوستاندنەکان لەپێناو ئاشتییەکی جێگیردا، کرایەوە.