Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. کەنار بۆ KDP.info: پلانی حكوومەت ڕۆڵی باڵای لە دەوڵەمەندکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی هەیە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەهۆی ستراتیژییەتی دروستی حکوومەت و بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە، ڕەوشی ئاو لە هەرێم گۆڕانکاریی ئەرێنی بەسەردا هاتووە و ئاستی ئاوی ژێرزەوی زیادی کردووە.

د. کەنار فازڵ، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە کاتێکدا ساڵانی ڕابردوو بەهۆی وشکەساڵییەوە داوای هاوکاری لە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەکرا، ئێستا بەهۆی کۆکردنەوەی ئاوێکی زۆر، ڕەوشەکە سەقامگیر بووە و دروستکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی پۆند و بەنداویش لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ گڵدانەوەی ئاوی باران و دووبارە دەوڵەمەندکردنەوەی کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی.

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پلاندانان تیشکی خستە سەر پڕۆژەی کۆڕنیشی هەولێر و پۆندە نوێیەکان، کە بە شێوازێکی زانستی بنیاد نراون و ئەم سوودانەیان دەبێت، "زیادکردنی ئاوی ژێرزەوی و ڕێکخستنی سەرچاوە ئاوییەکان و پاراستنی شارەکان لە مەترسیی لافاو و گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و دروستکردنی ناوچەی گەشتیاری نوێ.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم توانیویەتی لە ڕێگەی ئەم پلانانەوە، ئەو کێشەی کەمئاوییەی کە لە ساڵانی ڕابردوو هەبوو، تێپەڕێنێت و ئاسایشی ئاو بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.

 

قائید میرۆ