ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەهەندە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی سەردانە سەرکەوتووەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکان وەرچەرخانێکی گرنگ بوون لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا.
سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر وردەکاری و گرنگیی سەردانەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و گوتی، "سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردا بوو سەرۆککۆماری تورکیا بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆکی حکوومەت کرد. لە کۆبوونەوە باڵاکاندا، جگە لە بەڕێز ئەردۆغان، وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، وزە و بەرپرسی هەواڵگریی تورکیاش ئامادە بوون، ئەمەش نیشانەی گرنگیی بایەخی سیاسی و ئەمنیی ئەم دیدارەیە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت گوتیشی، "یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە، بارودۆخی ناهەموار و ناسەقامگیری ناوچەکە بوو. سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نەبووە لە ململانێ و شەڕەکان، بەڵام بە ناحەق کراوەتە ئامانج و بە زیاتر لە ٨٥٠ موشەک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر، کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی هاووڵاتیان. ئێمە تێوەنەگلاوین و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی هەرێم دەکرێن بێ بنەمان."
سەفین دزەیی گوتی، "لە گفتوگۆ و دیدارەکاندا بە وردی باس لەم بوارانە کراوە، "پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و دۆخی سیاسیی ناوچەکە و پەرەپێدانی هەناردەی وزە و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو لا و ڕێگریکردن لە زیاتر تێکچوونی دۆخی ناوچەکە و پاراستنی سەقامگیری.
لە کۆتاییدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووپاتی کردەوە کە ئەم سەردانە زۆر سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی پەیامی ڕوونی هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە لایەنی تورکی و کۆدەنگی لەسەر زۆرێک لە پرسە ستراتیژییەکان دروست بکات.
بڵند ئیبراهیم