Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقام بۆ KDP.info: دوای سەردانی سەرۆکوەزیران وەرچەرخانێکی گەورە لە ئاوەدانی دروست بوو

ئامێدی-KDP.info- وارشین سەلمان ڕایدەگەیەنێت، لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم و سەردانی مەسروور بارزانی بۆ ئامێدی، ٣٢١ پڕۆژە لە هەموو سێکتەرەکاندا ڕەزامەندییان بۆ دراوە و زۆربەشیان کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتیان.

وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''دوای سەردانی بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆ دەڤەرەکە، وەرچەرخانێکی گەورە لە ئاوەدانی دروست بوو. تا ئێستا ٣٢١ پڕۆژە بڕیاریان لێدراوە، کە زۆربەیان تەواو بوون و تەنها ٩١ پڕۆژە ماون کە کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

قایمقامی ئامێدی ئاماژەی بە هەمەجۆریی پڕۆژەکان کرد و گوتی، ''پڕۆژەکان سێکتەرەکانی ڕێگەوبان، ئاو، کارەبا، پەروەردە و تەندروستی دەگرنەوە. هەروەها بایەخێکی زۆر بە گەشتوگوزار دراوە و ١٤ پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاریی ئامێدی تەرخان کراون.

وارشین سەلمان تیشکی خستە سەر گرنگترین دەستکەوتی تەندروستی و گوتی، ''نەخۆشخانەی ١٠٠ تەختیی (شۆڕش) لە ناوچەی هێتوت، یەکێکە لە پڕۆژە هەرە ستراتیژییەکان کە ساڵی ڕابردوو کرایەوە. ئەم نەخۆشخانەیە ئەرکی هاووڵاتیانی زۆر سووک کردووە، چونکە پێشتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەبوو ڕێگەیەکی زۆر دوور ببڕن، بەڵام ئێستا لە دەڤەرەکەی خۆیان باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت.

 

قائید میرۆ