بارزان-KDP.info- لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ژینگە و ناساندنی فرەچەشنیی بایۆلۆژی لە کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان ئامار و زانیاریی نوێیان لەبارەی کۆچی باڵندە دەگمەنەکان بۆ ناوچەکە ڕاگەیاند.
ملازم سدیق حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، جۆرە باڵندەیەکی دەگمەن بە ناوی (شیکرا) لە ژینگەی دەڤەری بارزان بینرا و تۆمار کرا، کە ئەم باڵندەیە زیاتر لە ناوچە گەرمەکانی کیشوەری ئاسیا، ھیندستان، پاکستان و بەشێکی ئەفریقا نیشتەجێیە، بەڵام ئێستا بارزانی وەک ژینگەیەکی لەبار ھەڵبژاردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن تیمی ژینگەپارێزی ناوچەکەوە کۆکراونەتەوە، باڵندەی (شیکرا) لە خێزانی باز و ھەڵۆکانە، ھاوکات خاوەن ئەم تایبەتمەندییانەیە: درێژییەکەی لە نێوان ۲٦ بۆ ۳٠ سانتیمەتردایە، پانتایی باڵەکان لە کاتی کردنەوەیدا دەگاتە ٦٠ سانتیمەتر و بە یەکێک لە باڵندە زۆر خێراکانیش لە فڕیندا ئەژمار دەکرێت. ھەروەھا ماوەی ژیانی (لەنێو سروشتدا) ١٠ بۆ ١٥ ساڵ دەخایەنێت. خواردنی سەرەکی باڵندەی شیکرا، باڵندە بچووکەکان، مشک، مار و زیندەوەرە بچووکەکانە.
ملازم سدیق حەسەن ئەوەشی خستە ڕوو کە تەنھا لەمساڵدا ٩ جۆری نوێی باڵندە لە دەڤەرەکە تۆمارکراون. ناوبراو ھۆکاری ئەم دەستکەوتە ژینگەییانەی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە و گوتی، "کارکردنی بەردەوام بۆ دروستکردنی کەشێکی لەبار کە وای کردووە ساڵانە باڵندەی نوێ ڕوو لە ناوچەکە بکەن لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا کە کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەبووە لەسەر گۆڕینی ڕێڕەوی کۆچی باڵندەکان و ململانێ سیاسی و سەربازییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگەی ناوچەکانی دیکە دروست کردووە و باڵندەکان وەک ھەستکردن بە مەترسی، ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی وەک بارزان کردووە.

دەڤەری بارزان کە بە درێژایی مێژوو پاراستنی ژینگە تێیدا بووەتە کلتوور، ئێستا بووەتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاریی سروشتی. تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ جۆری باڵندە لەو سنوورەدا تۆمارکراون، ئەمەش وای کردووە ببێتە جێگەی سەرنجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
ئەژین غەفار