ڕواندز-KDP.info- قەزای ڕواندز، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەک ناوەندێکی گەشتیاری جیھانی دەچێتە ناو پێشبڕکێ بۆ باشترین گوندی گەشتیاری دونیا. لەم بارەیەوە قائیمقامی ڕواندز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لەگەڵ بردنەوەی پێشبڕکێکە، ڕواندز دەچێتە ناو نەخشەی جیھانی گەشتوگوزار و ناوبانگێکی نێودەڵەتی بەدەست دێنێت".
ئەحمەد قادر، قائیمقامی قەزای ڕواندز، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ڕواندز کاندیدە بۆ بردنەوەی ناسناوی باشترین گوندی گەشتیاری جیھان، کە ساڵانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم پێشبڕکێیە ھەڵدەستێت". لەبارەی گرینگی پاڵێورانی ڕواندز، ئەحمەد قادر زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی، "لەگەڵ بردنەوەی پێشبڕکێکە، ڕواندز دەچێتە ناو نەخشەی جیھانی گەشتوگوزار، واتە دەچێتە چواچێوەی ناوچە گەشتیارییە بەنێوبانگەکانی دونیا. ھاوکات ڕواندز، پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست دەھێنێت و سوودمەند دەبێت لە پاڵپشتییە دارایی و مەعنەوییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان".
ئەحمەد قادر، قائیمقامی ڕواندز، جەختی لەوە کردەوە "ئەو پڕۆژە گەشتییارییانەی ڕواندز وەک (بێخاڵ، جوندیان، ھەوارگەی شنگلبانە، چیای کۆڕەک) کە ساڵانێکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە کارییان لەسەر دەکات و گەشەیان پێدەدات، دەورێکی باڵای بینی لە کاندیدبوون و چوونە ناو پێشبڕکێی گەشتیاری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە".
ناوبراو ھۆکارەکانی پاڵێورانی ڕواندزی بۆ چەند لایەنێک گەڕاندەوە و دەڵێت، "ھۆکارەکانی ھەڵبژاردنی ڕواندز بۆ ئەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییە دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەمەندی ناوچەکە لەڕووی (ھەڵکەوتەی جوگرافی، مێژوویی، شوێنەوار، ڕۆشنبیری، کەلتووری، ئاینی، کۆمەڵایەتی، ھونەری)." گووتیشی، "ڕواندز لە ڕابردووشدا، پایتەختی میرنشینی سۆران بووە، خاوەن جبەخانە و پیشەسازی چەک بووە، خاوەن دراو و سکەی تایبەت بەخۆی بووە. ھاوکات لەڕووی ڕۆژنامەگەری، ھونەر و مۆسیقاش پێشەنگی ناوچەکە بووە. ھەموو ئەمانە بەڵگەنامەی بەھێزن تا ڕواندز ببێتە پاڵێوراو بۆ ئەو پێشبڕکێ جیھانییە."
لە کۆتاییدا، قائمقامی ڕواندز جەختی لەوە کردەوە کە تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ بە دۆکیۆمێنت کردنی بەڵگەنامەکانی قەزای ڕواندز، ھاوکات لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی فیدڕاڵی عێراقیش لەسەر ھێڵن بۆ سەرپەرشتی و چاودێریکردنی پڕۆسەکە"
ئەژین غەفار