Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەوزاد هادی لەگەڵ لقی ۱۷ جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان حزب و خەڵک کردەوە

شنگال-KDP.info- بە سەرپەرشتی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ لقی ١٧ی شنگالی پارتی ئەنجامدرا، کە تێیدا جەخت لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ خەڵک و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی دەڤەرەکە کرایەوە.

بە سەرپەرشتی نەوزاد ھادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە ئامادەبوونی نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ و کارگێڕان و بەرپرسانی لیژنەکان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتە سیاسییەکان و ڕەوشی گشتیی ناوچەکە بە وردی تاوتوێ کران. ئامادەبووان جەختیان لە گرنگیی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حزب و خەڵک کردەوە، بەو ئاراستەیەی کە خزمەتی زیاتری خەڵکی تێکۆشەری دەڤەری ڕۆژئاوای دیجلە و شنگال بکرێت.

نەوزاد ھادی ئاماژەی بەوەکرد کە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی ئەم ناوچانە لەسەر بنەمای ڕێباز و ڕێنماییە پیرۆزەکانی بارزانیی نەمر ئەرکێکی سەرەکییە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە شایستەی ھەموو جۆرە خزمەتگوزاری و پشتگیرییەکن و پێویستە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کار بۆ بەدیھێنانی خواستەکانیان بکرێت.