Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ڤییەننا، ڕێوڕەسمی ٥٠ھەمین ساڵیادی پێشوازیکردنی وڵاتی نەمسا لە ١٠٠ پەناخوازی کورد بەڕێوەچوو

نەمسا-KDP.info- لە ژێر دروشمی "بژی نەمسا" و بە ئامادەبوونی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی پێشووی نەمسا، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بەرز ڕاگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی نەمسا لە ڤیەننا بەڕێوەچوو.

لە ڕێکەوتی ٦-٥-٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دابان شەدەلە جێگری بەرپرسی فەرمانگە و د. مستەفا ڕەمەزان نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڤیەننا ڕێوڕەسمی (بژی نەمسا) بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی پێشووی نەمسا ھاینز فیشەرو باڵیۆزی نەمسا لە بەغدا ئاندرێیا ناسی و باڵیۆزی عێراق لە ڤیەننا ھیشام العلوی، و ژمارەیەک لە نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا و زۆرێک لەم ١٠٠ پەناخوازانەی کە لە ڤیەننا پێشوازیان لێکرابوو بەڕێوەچوو.

لە بۆنەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وتارێکی پێشکەش کرد و بەخێرھاتنی میوانەکانی کرد. ھەروەھا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی سەرۆکی پێشووی نەمسا دا بۆ پێشوازی کردنی نەمسا لەو پەناخوازانە و ڕۆڵی د.مستەفا ڕەمەزان و کارمەندانی نوێنەرایەتی بەرز نرخاند بۆ ڕێکخستنی ئەم ڕێوڕەسمە.

لە بەشێکی تری ووتارەکەیدا باسی لە ئاشتی خوازی ھەمیشەیی کۆماری نەمسا کرد و سوپاسی پەناخوازانی کوردی کرد بۆ سەرکەوتنەکانیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتی نەمسا.