Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەفین موحسین دزەیی ناوەڕۆکی دیدارەکانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەورووپا بۆ KDP دەخاتەڕوو

ئەورووپا-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، شاندێکی باڵای ھەرێم زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسییان لە وڵاتانی ئەورووپا ئەنجامداوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکان بۆ سەر کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی.

سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر کوردستان، ھەرێم بەشێک نەبووە لە ھیچ جەنگێک. پەیوەست بەمەش بە ڕێنمایی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بە پێویست زانرا سەردانی چەند وڵاتێکی ئەورووپا بکەین بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار.

دزەیی گوتی، لە فەڕەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری فەڕەنسا، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا سێناتۆر و سەرۆکی گرووپی پەیوەندیەکانی فەڕەنسا – عێراقمان بینی.

ھەروەھا لە بەلجیکا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، بەرپرسی دۆسیەی عێراق و ئێرانمان بینی، ھاوکات سەردانی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا و ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپامان کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووینەوە.

ھەر لە بەلجیکا لەگەڵ وەزیری بەرگری بەلجیکا و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیکا و ڕێکخەری دژە تیرۆری یەکێتی ئەوروپا و تیمی یاوەری کۆبووینەوە.

لە ھۆڵەندا، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندامان کرد و چەند دیدارێکمان ئەنجامدا، دواتر لەگەڵ نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا بۆ کاروباری کۆچ و کۆچبەران و جێگری وەزیری دەرەوەی شانشینی ھۆلەندا کۆبووینەوە.

لە لەندەن لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە و پەرەپێدانی شانشینی یەکگرتوو وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیامان بینی، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانمان لە لەندەن لەلایەن گرووپی ھەموو پارتەکانی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ دۆستایەتی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پێشوازیمان لێکرا، دواتر سەردانی وەزارەتی بەرگری بەریتانیامان کرد. 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت گوتیشی، لە چاتام ھاوس (Chatham House) بە ئامادەبوونی شارەزایانی سیاسی، قوتابیانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، بەرپرسانی حکوومی، ڕۆژنامەنووسان، و باڵیۆزانی پێشوو، لە مێزگردێکدا، تیشکمان خستە سەر دۆخی ئێستای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پرسە ھەنووکەییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و پرسی پێکھێنانی حکوومەت و ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان لەمەڕ پرسەکان.

سەفین دزەیی باس لەوەش دەکات، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم دیدارە دیپلۆماسییانە چڕبوونەتەوە لەسەر ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکان بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و داوا لە وڵاتانی دۆست کراوە کاریگەری خۆیان بەکاربھێنن بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی ڕێگری لەو ھێرشانە بکات.

ھاوکات لە کۆبوونەوەکاندا باسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەرێم، دۆسیەی نەوت و غاز و بودجە کراوە. بەرپرسانی باڵای وڵاتان سۆز و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵک و حکوومەتی ھەرێم دووپات کردووەتەوە و ڕێزی زۆریان بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا ھەبوو. دەوڵەتان نیگەرانی خۆیان لە شەھیدبوونی ھاووڵاتیانی سڤیل دەربڕیوە و جەختیان کردووەتەوە کە پێویستە گفتوگۆی جدی ھەبێت بۆ کۆتاییھێنان بەم دەستدرێژییانە، ھەروەھا بەڵێنیانداوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان بەکاربھێنن.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی بۆ مانەوەی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام، ھاوشێوەی ساڵی ١٩٩١ بوونی ھەیە، چونکە کوردستان بووەتە پەناگەی سەدان ھەزار مرۆڤ و پێویستە لە ھەموو ڕووەکانەوە گەشەی پێبدرێت. لە لایەکی ترەوە، ڕوونکردنەوەی پێویستمان داوەتە وڵاتانی دۆست لەسەر ھۆکارەکانی دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

 

عەزیز ڕەسووڵ