Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پشتیوان سادق: کار بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی مافە یاساییەکانی کرێکاران دەکەین

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، بە یاوەری د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، بە مەبەستی پیرۆزبایی ساڵڕۆژی کرێکارانی جیهان، سەردانی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستانیان کرد.

لە میانی دیدارەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند، "پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی هەموو ئەو ئازیزانە دەکەین کە بەردەوام کار بۆ خزمەتی کرێکاران و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکەن. ئاوەدانی و پێشکەوتنی ئەمڕۆی کوردستان لە سێکتەرەکانی بونیادنان، ژینگە و ژێرخانی کار، بەرهەمی ئەزموون و هێز و بازووی کرێکارانی نیشتمانەکەمانە."

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر جەختی لەسەر پاراستنی شکۆی کرێکاران کردەوە و گوتی، "وەک هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لە هەموو پیشەکانی کرێکاران دەڕوانین. کار دەکەین بۆ پاراستنی ژیانیان لە کاتی کارکردن و دەستەبەرکردنی تەواوی مافە یاساییەکانیان. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەماهەنگی بەردەوامدا دەبین."

دکتۆر پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هەموو هەنگاوەکانی کرێکاران بە بایەخەوە ببینرێت و گوتی، "ئێمە هاوسۆزی کێشەکانیانین و دەبینە بەشێک لە چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی مافەکانیان، وەک پارێزەری جوڵە و ژیان و کاری ڕۆژانەیان دەمێنینەوە."