Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری بازرگانی لە ڕێگەی KDP.infoوە ئامادەیی تەواوی وەزارەتەكەیان بۆ ئەمساڵ ڕادەگەیەنێت

هەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی تەواوی سایلۆکانی هەرێم بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران ڕادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا بەغدا ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی ٢٩٢ هەزار تەن گەنم داوە، هاوکات دڵنیایی دەدات کە هیچ کێشەیەکی شوێن و کۆگاکردن بۆ وەرزی دروێنە دروست نابێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئامادەکاری تەواومان بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران کردوە و هەموو سایلۆکانی هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران. هەرچەندە بەشێک لە سایلۆکان گەنمی ساڵانی پێشوویان تێدا ماوە، بەڵام لە پرۆسەی وەرگرتنی ئەمساڵدا کێشەی جێگەمان نابێت و هەموو ئامادەکارییەک کراوە."

پەیوەست بە دیاریکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی كوردستانیش، وەزیری بازرگانی گوتی، "تا ئێستا بەغدا ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی ٢٩٢ هەزار تەن گەنمی هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام دیاریکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم پەیوەستە بە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ. نوێنەری ئێمەش لەگەڵ شاندی هەرێم بۆ بەغدا بەشدار بووە. ئەوەی پەیوەستە بە چۆنیەتی وەرگرتن و دابینکردنی شوێن لای ئێمەیە، بەڵام وەک وەزارەتی بازرگانی دیاریکردنی ڕێژەی وەرگرتن پەیوەست نییە بە ئێمەوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، کەمال موسلیم پەیوەست بە توانای سایلۆکانیش بۆ کۆگاکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ، ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنەدا، ئێمە هیچ کێشەی جێگەمان نییە. هەموو سایلۆکانی هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران. هەرچەندە بەشێک لە سایلۆکان گەنمی ساڵانی پێشوویان تێدا ماوە، بەڵام لە پرۆسەی وەرگرتنی ئەمساڵدا کێشەی جێگەمان نابێت و  وەزارەتمان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

 

قائید میرۆ