ھێشوو دارا
ژینگە لای ئێمە تەنیا چوارچێوەیەک نییە بۆ ژیان، بەڵکو خودی ژیان و کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی نەتەوەکەمانە. لە سۆنگەی بڕوابوونمان بەوەی کە کوردستانی بەھێز لە ژینگەیەکی تەندروستەوە سەرچاوە دەگرێت، و لە ژێر ڕۆشنایی ستراتیژ و ڕاسپاردە نیشتمانییەکانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێمە پاراستنی سروشتی نیشتمانمان کردووەتە ئەرکی پیرۆز و ئەولەویەتی بێ ئەملاو ئەولای کارەکانمان. ئێمە دەڵێین، بەھارێکی گەش، تەنیا بە گوڵ نا، بەڵکو بە ویژدانێکی بێگەرد بەرامبەر بە خاک و ژینگەیەکی ئاوەدان دەچێنرێت.
لەو سۆنگەیەوە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و لەژێر دروشمی (بەھارێکی گەش و ژینگەیەکی ئاوەدان)، ھەڵمەتێکی ژینگەپارێزیی سەرتاسەریی بەرپا کرد. ئەمە تەنیا ھەڵمەتێکی کاتی بۆ پاککردنەوەی سەیرانگەکان نەبوو، بەڵکو ڕاپەڕینێکی ھۆشیاری بوو بۆ چاندنی کلتووری ژینگەدۆستی لە قوڵایی ھزر و دڵی ھەر تاکێکی کورددا کە تێیدا ھەزاران بروشور و ڕێنماییمان کردە نامیلکەی دەستی ھاووڵاتیان، تا مەعریفەی ژینگەیی لە دروشمەوە ببێتە ڕەفتاری ڕۆژانە، لەگەڵ بە ئەنجامدانی سەدان چالاکیی فکری، پەیاممان دا کە ڕێزلێنان لە سروشت، بەرجەستەکردنی شکۆی مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەرییە.
ئەم ھەڵمەتە پەیامێکی گرینگی بۆ ھەمووان ھەڵگرتبوو کە گۆڕانکاریی مەزن لە ناو ماڵ و لە خودی تاکەوە دەست پێ دەکات. لەم مەیدانەدا، ئافرەتی کوردستان وەک ھەمیشە پێشەنگ و ڕابەری ئەم شۆڕشە سپییەیە. کاتێک دایکێکی ھۆشیار نەوەکانی لەسەر خۆشەویستیی خاک و پاراستنی ژینگە پەروەردە دەکات، ئەو تەنیا گوڵێک ناچێنێت، بەڵکو داھاتوویەکی تەندروست و شارستانی بۆ نەوەکانی داھاتووی ئەم نیشتمانە مسۆگەر دەکات.
ژینگە تەنیا خاک و دارستان و ئاو نییە، بەڵکو ژینگە نیشتمانە و میراتی پیرۆزی نەوەکانمانە کە لای ئێمە ئەمانەتێکی مێژووییە."
ئێمە لەبەردەم ھەڕەشەیەکی ڕاستەقینەداین، گەشەی پیشەسازی و کێشە ژینگەییە جیھانییەکان، سروشتی کوردستانیان خستووەتە ژێر مەترسی. پیسبوونی ھەوا و ئاو، بڕینەوەی دارستانەکان و وشکبوونی سەرچاوەکان، تەنیا کێشەی ژینگەیی نین، بەڵکو ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و تەندروستیی گشتی.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەش، پێویستمان بە ھەماھەنگییەکی ستراتیژی ھەیە لە نێوان سێ جەمسەردا:
حکوومەت: وەک داڕێژەری یاسا و پارێزەری سەروەریی ژینگە.
ڕێکخراوەکان: وەک بزوێنەری ھۆشیاری و چاودێری مەیدانی.
ھاووڵاتیان: وەک سەربازی ون و پارێزەری یەکەمی خاک و ئاوی نیشتمان.
لە کۆتاییدا دەڵێین، پاراستنی ژینگە، گەورەترین تاقیکردنەوەی ویژدان و نیشتمانپەروەرییە. ئەگەر ئەمڕۆ بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگەدا نەکەین، داھاتوو لێمان خۆش نابێت. با پێکەوە کوردستان بکەینە تابلۆیەکی بێگەرد لە جوانی و پاکی.