Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى ڕۆڵى سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌كات

بەغدا-KDP. info-  هەر لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/5/5، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوه‌ری، لەگەڵ بەڕێز دادوه‌ر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخى سیاسی و گشتیى وڵات تاوتوێ کران. هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ کە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری بنەمایەکی سەرەکییه‌ بۆ پاراستنى ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانى وڵات و سه‌قامگیرى و ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌مووان.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ڕۆڵی به‌ڕێز سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی لە پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکانی وڵات بەرز نرخاند، هه‌روه‌ها سوپاسى به‌ڕێزیانى كرد بۆ ڕۆڵى گرنگیان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و دروستكردنى  لێكگه‌یشتن له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی سەروەریی یاسا و کارکردن لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە وەک تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشه‌كانى وڵات و پاراستنی ماف و شایستە یاسایییەکانی هەموو پێکهاتەکان و قەوارەی فیدراڵى و دەستووریی هەرێمی کوردستان.

به‌رده‌وامى و بره‌ودان به‌ هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ دادوه‌رییه‌كانى فیدراڵى و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.