Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت ڕاسپاردەی داوە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر سیستەمی (ئەسیکۆدا) بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاشکراشی کرد کە لەمەودوا لە جیاتی وەبەرهێنەری بیانی، پڕۆژە ستراتیژییەکان بە وەبەرهێنەری ناوخۆیی دەسپێردرێن.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''تیمی ئەنجومەنی وەزیران کار لەسەر ڕێککەوتنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) دەکات لەگەڵ حکوومەتی عێراق. بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەرێم لە هەموو لێخۆشبوون و ئیمتیازاتەکان سوودمەند دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکاریی گەورە لە هاوردەکردنی کاڵا و یەکخستنی پێناسەی گومرگی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمدا.

دکتۆر محەمەد شوکری ئاماژەی بە ڕەهەندێکی دیکەی گرنگی بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت کرد و گوتی، ''مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاسپاردەی داوە کە لە جیاتی وەبەرهێنەری بیانی، وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکاندا.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی کردەوە، کە ئەم قۆناغە نوێیەی پێدانی مۆڵەت، تێچووی پڕۆژەکان کەمدەکاتەوە و لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیش هەموو هاوکارییەک پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ دەکەن بۆ سەرخستنی ئەم دیدگایە.

 

بڵند ئیبراهیم