Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە هەولێر ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی کێڵگە بەڕێوەچوو

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 2026.5.5، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەبۆنەی ڕۆژی (کێڵگە) ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر سازکرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی، شارەزایانی کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر گرنگی توێژینەوە زانستییەکان لە پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و گونجاندنی جۆرەکانی گەنم و دانەوێڵە لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە.

پارێزگاری هەولێر لە میانەی بەشداریکردنی لەو چالاکییەدا، دەستخۆشی لە تیمەکانی توێژینەوە کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر، بەردەوام پشتیوان و هاوکاری کەرتی کشتوکاڵ دەبن، وەک پایەیەکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.

لەکۆتایشدا، بەشە جیاوازەکانی کێڵگە تاقیکارییەکانیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین ئەنجامی توێژینەوەکان و ئەو نموونە نوێیانەی دانەوێڵە بوون کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکە پەرەیان پێدراوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەلایەن جووتیارانەوە سوودیان لێ ببینرێت.