هەولێر-KDP.info- بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی و گەیاندنی پەیامی هاوسۆزی، مەلامستەفا بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەی ئەو هاووڵاتیانە ئەنجامدا کە بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن لە گەلی عەلی بەگ کەوتنە نێو ڕووبار و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
لەو پەیوەندییەدا، مەلامستەفا بارزانی وێڕای دەربڕینی قووڵترین هاوسۆزی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان، دووپاتی کردەوە کە لە نزیکەوە چاودێری وردی دۆخەکە و هەوڵەکان دەکات و خۆی بە هاوبەشی ڕاستەقینەی خەم و پەژارەیان دەزانێت.
هاوکات، مەلامستەفا بارزانی پێزانینی خۆی بۆ ماندووبوون و هەوڵە بێپچڕانەکانی تیمی بەرگریی شارستانیی سۆران و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەربڕی، کە لە ساتەوەختی ڕووداوەکەوە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان دان و هەموو تواناکانیان بۆ ئەو مەبەستە خستووەتە گەڕ.
هەر لە پەیوەندییەکەدا، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ دابینکردنی هەر جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک نیشاندا کە ببێتە هۆی ئاسانکاری و خێراتر کردنی پرۆسەی گەڕان، تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی و دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ئازیزانە.