Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ KDP.info: بە هەزاران گەنج لەم کابینەیەدا بوونەتە خاوەن کار

هەولێر-KDP.info- وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ماوەیەکی نزیکدا، ١٠٠ کۆمپانیای دیکە قەرزی بچووک و مامناوەند بە گەنجان دەدەن، تاوەکو گەنجی زیاتر ببنە خاوەن پڕۆژەی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد کە ٣٠٪ی ئەو گەنجانەی خولی پیشەیییان لای ئەوان بینیوە، ئێستا خاوەن کاری خۆیانن.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە ڕێگەی (پۆرتاڵی کار) کە بە هاوکاریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO) دامەزراوە، پردێکمان لە نێوان کۆمپانیاکان و گەنجان دروست کردووە. هەر کۆمپانیایەک پێویستی بە کارمەند بێت، لە ڕێگەی ئێمەوە ڕایدەگەیەنێت و گەنجان بە ناردنی سیڤی (CV) دەخرێنە سەر کار.

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، ''بۆ بەهێزکردنی توانای گەنجان، چوار سەنتەری نوێی ڕاهێنانی پیشەییمان کردووەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەکانمان، ئەو گەنجانەی لەم سەنتەرانەدا فێری پیشە بوون، بەشێکی زۆریان ئێستا لە بازاڕدا وەک خاوەن کار جێگیر بوون.

لە کۆتاییدا کوێستان محەمەد باسی لە قۆناغێکی نوێ کرد و گوتی، ''لە ماوەیەکی نزیکدا، ١٠٠ کۆمپانیای دیکە قەرزی بچووک و مامناوەند بە گەنجان دەدەن، تاوەکو گەنجی زیاتر ببنە خاوەن پڕۆژەی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان.

 

بڵند ئیبراهیم