Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/4، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هه‌ر لە به‌رده‌وامیى دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ بەڕێز هەیبەت ئەلحەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵى کۆبووەوە.

‎لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی و یاساییی وڵات و ڕۆڵی دامەزراوەی یاسادانان لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بکات.

هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە قۆناغی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە بێت و کارکردن بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزن، لە پێشینەی کارەکانی پەرلەمان و حکوومەتدا بێت. هاوکات جەخت لە پێویستیی یەکخستنی دیدگاکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هاووڵاتییان.

‎دۆخی ناوچەکە و لێكه‌وته‌كانى، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تیایدا جەخت لە پاراستنی ئارامى و سه‌قامگیرى و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و تێوه‌نه‌گلانى له‌ ئاڵۆزییه‌كان، کرایەوە.