ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی پەیام و دیدگای سەرۆكوەزیرانی كوردستان مەسروور بارزانی، لاوان و ئافرەتان و قوتابیان، هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگەیی بەڕێوە دەبەن، ناوچە گەشتیارییەكان پاك دەكەنەوە و لەڕێگای پروشەر و سیمینارەوە هەڵمەتی ژینگە بەڕێوە دەبەن.
لاڤان شاخەوان بەرپرسی ناوەندی هەڵەبجەی یەكێتی ئافرەتان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "هەڵمەتێكی ژینگەیی سێ ڕۆژیمان بە ئامانجی پاکڕاگرتن و هۆشیاریی ژینگە، لەژێر ڕۆشنای پەیامی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی ڕاگەیاندووە، هەڵدەستین بە پاكردنەوەی ناوچە گەشتیارییەكان و پێدانی هۆشاریی گەشتیاری و کیسی خۆڵ و خاشاک بە گەشتیاران تاكو پاشماوەكانیان تێبكەن."
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "لەڕێگای سیمینارەوە لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ ئافرەتان باسی گرنگیدان بە ژینگە و مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە دەکەین، ئافرەتان كاریگەری باشیان هەیە لە پاراستنی ژینگە، دەبێت پاراستنی ژینگە بكەینە كەلتوور، بۆیە داوا لە هەموو گەشتیاران و هاونیشتمانیان دەكەین ئاگایان لە ژینگە بێت."
كاروان سەید كەریم، بەرپرسی لقی هەڵەبجەی یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "وەك ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقی هەڵمەتێكی گەورەی پاراستنی ژینگە و پاكکردنەوەی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەكانمان دەست پێكردووە، لە چوارچێوەی ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی، بۆ كۆمەڵگایەكی تەندروست پێویستمان بە ژینگەیەكی تەندروست هەیە، ئێمە وەك لاو و قوتابی هەڵەبجە لە چوارچێوەی دیدگای سەرۆكوەزیران بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمانەكەمان هەنگاو دەنێن."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "دەبێت ئاستێكی هۆشیاریی ژینگەیی لای تاكی ئێمە دروست ببێت، پاراستنی ژینگە ئەركێكی هاوبەشە، بەردەوام دەبین لە هەڵمەتی ژینگە بۆ خزمەتکردنی خاك و وڵاتەكەمان."
محەمەد كامیل، چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگاكەمانە، خوای گەورە سروشتێكی جوانی پێداوین، بۆیە ئەركی ئاینی و نیشتمانی هەموو تاكێكمانە ئەم كوردستانە بپارێزین، ژیان بە بوونی ژینگەیەكی پاكەوە بەردەوام دەبێت.
من وەك گەنجێك لە چوارچێوەی دیدگای مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیران، تاكێكی ژینگەپارێز دەبم و داوا لە قوتابی و لاوی وڵاتەكەم دەكەم ژینگە بپارێزن، لە گەشتیاران و هەموو ئەوانەی دەڕۆنە دەشت و چیا داوا دەکەم، ئاگاشان لە كردنەوەی ئاگر بێت، با كارەسات ڕوو نەكاتە دارستان و پاوانی وڵاتەكەمان."
عەزیز ڕەسووڵ