ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە حزبەکەی بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی عێراقی کردبێت و ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی کێشەکانی ڕابردوو لە کابینەی نوێی عێراقدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٤ی ئایاری ٢٠٢٦، مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەنگۆی بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەت لەلایەن حزبەکەیەوە ڕایگەیاند، "ئێمە بایکۆتمان نەکردووە بەو شێوەیە، بەڵکوو تەنیا ستافی خۆمان، پەرلەمانتاران و وەزیرەکانمان بانگھێشت کردووەتەوە بۆ ڕاوێژکردن و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە."
وتەبێژی پارتی جەختی لەوەش کردەوە، لە ڕاگەیەنراوێکدا بە ڕوونی ھەڵوێستی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی قسەکانیان بە ھەڵە نەگوازرێتەوە و نەشێوێندرێت.
سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
مەحموود محەممەد گوتی، "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک کەسی یەکەمی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی حکوومییەوە، دەیەوێت لەگەڵ ئەو کەسەی ڕاسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینە و چوارچێوەی ھەماھەنگی و لایەنەکانی دیکەی شیعە و سوننە قسە بکات، بۆ ئەوەی ئەو خاڵە نەرێنی و کێشانەی لە ڕابردوودا ھەبوون، دووبارە نەبنەوە."
وتەبێژی پارتی ڕوونیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە چوارچێوەیەکی ھەماھەنگی دروست ببێت لەسەر چۆنیەتیی پێکھێنان و ئیدارەدانی وڵات لە داھاتوودا، تاوەکوو ئەو ئاستەنگانەی پێشتر بۆ ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دروست دەبوون، بە یەکجاری چارەسەر ببن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ھەبوونی ھیچ گۆڕانکارییەک لە ھەڵوێستەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وتەبێژی پارتی بە کورتی ڕایگەیاند، "تاوەکوو ئێستا ھیچ شتێک لەو بابەتەدا نەگۆڕاوە."
وتەبێژی پارتی ھاوکات ڕەتیکردەوە، ھیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەیەکی نوێی نێوان ھەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی دیاری کرابێت سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی دەیەم.