Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە

ھەولێر-KDP.info-  پێشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/4، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقی فیدراڵ تاوتوێ کران. لەمبارەیەوە جەخت لە پێکهێنانی حکوومەتێک کرایەوە کە وەڵامدەرەوەی ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە و چاوەڕوانی و داواکارییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کاری پێکەوەیی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات، بەتایبەتی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها جەخت لە پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و سەروەریی عێراق کرایەوە.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پشتگیرى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق ده‌كات و هه‌موو هاوكارییه‌كى پێویست بۆ سه‌رخستنى هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى عێراقى فیدراڵی پێشكه‌ش ده‌كات.

لاى خۆیانه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى، وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌، ستایشى هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و دید و بۆچوونه‌كانیان كرد له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و گرنگیى هاریكاریى هاوبه‌ش.

کاریگەری و لێکەوتەکانی شەڕ و دۆخی ناوچەکە بەسەر عێراقەوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تێیدا جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە مەترسییەکانی پێکدادان و گرژییەکان کرایەوە.