Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری تەندروستی بۆ KDP.info: هەرێمی کوردستان لە دەرمانی قاچاخ و بێ کوالێتی پاککراوەتەوە

هەولێر-KDP.info- دکتۆر سامان بەرزنجی ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم کابینەیەدا ٣١ نەخۆشخانە و ٢١ سەنتەری پسپۆڕی نوێ دروست کراون، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان لە دەرمانی قاچاخ پاک کراوەتەوە و متمانەی هاووڵاتییان بۆ کەرتی تەندروستی گەڕاوەتەوە.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر گرنگترین دەستکەوتەکان و گوتی، ''تا ڕێژەی ٩٨٪ دەرمانی بێ کوالێتی و قاچاخ لە بازاڕدا نەماوە و نرخی دەرمان بە ڕێژەی ١٧٪ دابەزێنراوە، کە ئەمەش نزیکەی ٣٠٠ ملیار دیناری بۆ گیرفانی هاووڵاتییان گەڕاندووەتەوە.

وەزیری تەندروستیی گوتیشی، ''لە ماوەی ئەم کابینەیەدا ٣١ نەخۆشخانە و ٢١ سەنتەری پسپۆڕی نوێ دروست کراون، لەگەڵ بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی تەندروستی و ڕێکخستنەوەی فریاکەوتنەکان.

دکتۆر سامان بەرزنجی دەشڵێ، ''٧٣٪ـی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکان دەکرێن و بۆ یەکەمجاریش ٣٨ ڕێنمایی نوێ بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەرچوون و جیاکاری لە نێوان پزیشکانی کەرتی گشتی و تایبەت کراوە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی زانستی و گەشتیاریی تەندروستی، تەنانەت وڵاتی ئوردن متمانەی بە ٩ نەخۆشخانەی هەرێم هەیە وەک سەنتەری ڕاهێنان بۆ پێدانی "بۆردی ئوردنی".

 

بڵند ئیبراهیم