Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کارەکانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای (هەولێر خەبات) دەستی پێکردەوە

ھەولێر-KDP. info-  دوای وەستانێکی کاتی بەهۆی بارانبارین، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی شۆفێران، جارێکی تر کارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی دووسایدی (هەولێر-خەبات) دەستی پێکردەوە.

ئەم پڕۆژەیە کە لە یەکتربڕی عەلوەی هەولێر تاوەکو بازگەی کۆنی کانی قڕژاڵە دەگرێتەوە، درێژییەکەی نزیکەی 5 پێنج کیلۆمەترە. کارەکانی پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیکەی ( چوار ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

شایەنی باسە، ئەم ڕێگایە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکی و ستراتیژییەکانی پارێزگای هەولێر و تەواوکردنی کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵی و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و گەشتیاران.