Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆنفرانسی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو

دوسلدۆرف-KDP.info- ​لە شاری دوسلدۆرفی وڵاتی ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییەکانی دیاسپۆرا، کۆنفرانسی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.

​کۆنفرانسەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و مارشی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێکرد. لە وتەی دەستپێکدا، خاتوو شیرین زەکی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری ژنانی کورد لە دەرەوەی وڵات و جەختی لەسەر پێویستی یەکگرتوویی و بەردەوامی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کردەوە.

​سەرۆکی فیدراسیۆن لە وتارەکەیدا سوپاسی تایبەتی ئاراستەی شیفا بارزانی کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی بۆ دۆزی ژنان، هەروەها ڕۆڵی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەرز نرخاند لە گەیاندنی دەنگی کورد بە ناوەندە جیهانییەکان.

​لە بەشێکی تری کۆنفرانسەکەدا، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێزان (خوناف حاجۆ، کارینا وەزیرێ و نەجلا چامڵیبێل) دیدگای خۆیان بۆ داهاتووی کارەکانی فیدراسیۆن خستە ڕوو. تیشک خرایە سەر گرنگی کارکردن لە بوارەکانی، ​دیپلۆماسی و لۆبی بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی ئامرازە نوێیەکانی میدیا بۆ گەیاندنی چالاکییەکانی ژنان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە خێزان و کۆمەڵگەدا.

هاوکات ​لە کەشێکی دیموکراسیانەدا، دەرگای دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئەڵمانیا لە دوسلدۆرف کرایەوە. دوای کۆکردنەوەی دەنگەکان، ئەندامانی نوێی کۆمیتەکە ناسێنران و ئەرکی بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی داهاتووی فیدراسیۆنیان لە ئەڵمانیا پێسپێردرا.

​کۆنفرانسەکە بە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و بە چەند بڕگەیەکی هونەری و میوزیکی لەلایەن گۆرانیبێژ (خاتوو جانێ) کۆتایی بە کارەکانی هێنا، کە نیشانەی زیندوێتی و هێزی کۆمەڵایەتی ژنی کورد بوو لە دیاسپۆرا.