هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە فەرمانی ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردەی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، سەرجەم تیمەکانمان بە بەردەوامی و بە تایبەتیش لە ڕۆژانی پشوودا لە ئەرکی فەرمیداین لە شوێنە گەشتیارییەکان لە پێناو دابینکردنی سەقامگیری و پاراستنی سەر و سامانی هاونیشتمانیان و مەیسەرکردنی کەشێکی گونجاو بۆ ژینگەی گشتی، کە لە پێشینەی چالاکییەکانمانە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر (عەمید کامل بەرزنجی)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (کاک مەسرور بارزانی) و ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز (کاک ڕێبەر ئەحمەد)، تیمە تایبەتمەندەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕێکخراو و مەیدانی، بە تایبەتی لە ڕۆژانی پشوودا، لە شوێنە گەشتیارییەکان بڵاو دەکرێنەوە بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەو شوێنانە و دڵنیابوون لە پاراستنی گەشتیاران و هاووڵاتیان، بە تایبەت ئەو هاونیشتمانیانەی بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
عەمید (کامل بەرزنجی) ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەو هەڵمەتە گشتگیرەدا، وێڕای چاودێرییەکی بەردەوامی دۆخی تەناهی، کەشێکی لەبار بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران لە شوێنە گەشتیارییەکاندا دەڕەخسێندرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئارامی و دڵنیایی کاتەکانیان بەسەر ببەن و چێژ لە گەشت و سەیرانەکانیان وەربگرن لە ژینگەیەکی پارێزراودا.
(بەرزنجی) جەخت لەوە دەکاتەوە، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و تیمەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی گشتی و ژینگەیەکی پاکی کەموێنە.
دەشڵێت، بێجگە لە دابینکردنی سەقامگیری بۆ سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان و گەشتیاران و هاموشۆکاران، 24 کاتژمێر هێزەکانمان لە پێناو پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتیان و چەسپاندنی سەروەریی یاسادا لە شوێنە گشتییەکان و ناوبازاڕ و کۆڵان و کوچەکانیشدا لە ئەرکداین.
ئومێد بابان