Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە بۆ KDP.info: لە ١٠ی مانگەوە گەشتەكانی نێوان هەولێر و دەوحە دەستپێدەکەنەوە

هەولێر-KDP.info- ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی گەشتەکان، بڕیارە لە ١٠ی ئەم مانگەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و دەوحە دەستپێبکەنەوە و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ ئاساییکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بڕیار دراوە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و دەوحەی پایتەختی قەتەر."

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی ١٠ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گەشتەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و بەپێی خشتەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام دەدرێن."

لە کۆتاییدا، ئەحمەد هۆشیار جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ گەشتیاران و بازرگانان دەبێت و نیشانەی گەڕانەوەی چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێرە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

 

بڵند ئیبراهیم